کۆمپانیاکانی دابینکردنی دەرمان لە سلێمانی هەڕەشەی مانگرتن دەکەن.

کۆمپانیاکانی دابینکردنی دەرمان لە سلێمانی هەڕەشەی مانگرتن دەکەن. خاوەنی یەکێک لە کۆمپانیاکانیش دەڵێت، “لە ئەمڕۆوە دەرمان بۆ نەخۆشخانەکان دابین ناکەین”. 

زانا شەریف، خاوەنی یەکێک لە کۆمپانیاکانی دابینکردنی دەرمان لە سلێمانی بە ميدياكانی راگەیاند، لەلایەن وەزارەتی داراییەوە پارەکەیان کەمکراوەتەوە و لەکاتی خۆیدا شایستە داراییەکانیان پێنادرێت و دوادەکەوێت. ئەو خاوەن کۆمپانیایەی دابینکردنی دەرمان لە سلێمانی ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمڕۆ چوارشەممە 16-02-2022 جگە لە گردبوونەوە لەبەردەم بانکی سلێمانی، بایکۆتی دابینکردنی دەرمان بۆ نەخۆشخانەکانی سلێمانی دەکەن. 

گردبوونەوە و بایکۆتی پێدانی دەرمان بە نەخۆشخانەکان کاریگەریی لەسەر کاری نەخۆشخانەکان دەبێت و بەهۆیەوە نەخۆشخانەکان ناتوانن وەکو پێشتر خزمەتگوزاری پێشکێش بکەن. پێشتریش، دكتۆر هێرش سەید سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی ‏تەندروستیی سلێمانی بە تۆڕی میدیای رووداوی راگەیاند، تەندروستیی سلێمانی زیاتر لە ‏‏‏10 ملیار دینار قەرزداری کۆمپانیاکانی دابینکردنی دەرمانە. کەمیی پارە لە بانکەکانی سلێمانی، کێشەی بۆ پێدانی شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکانی دابینکردنی دەرمانی پزیشکی بۆ نەخۆشخانەکانی سلێمانی دروستکردووە. هاوکات ماوەیەکی زۆرە كەمیی پارە لە بانكەكانی سلێمانی بووەتە كێشە و بەهۆیەوە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران بە سستی بەڕێوەدەچێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *