نرخی ده‌رمان هه‌رزان ده‌بێت

بەڕێوەبەری کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان رایگەیاند، لە ساڵی 2022دا 16 کۆمپانیای دەرمان و 7 دەرمانخانە لە سنووری هەولێر و دهۆک و سۆران داخراون، بەڵام لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەهۆی رێگرییەوە کارەکانیان وەکو پێویست نییە، دەشڵێت، “بەپێی سیستەمێک کە دوو ساڵە کاری تێدا دەکەین، نرخی دەرمان هەرزان دەبێت”.

د. شێروان سادق، بەڕێوەبەری کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان لە هەرێمی کوردستان، بە میدیاكیانی راگەیاند، “ماوەی دوو ساڵ دەبێت بەپێی سیستەمێکی زانستی کار بۆ دابەزاندنی نرخی دەرمان دەکەین و ئێستا لە کۆتاییەکانی کارەکانداین و بەپێی ئەو سیستەمە دەبێت کۆمپانیاکانی هاوردەکردنی دەرمان پابەندی نرخی هێنان بن و ئێمە نرخی سەرچاوەی هێنانی دەرمان وەردەگرین و دواتر رێکی دەخەینەوە، بەو پێیە بێت نرخی دەرمان هەرزان دەبێت”.

سەبارەت بەو پێشێلکارییانەی لە ئەمساڵدا کۆنتڕۆڵیان کردوون دەڵێت، “بەپێی ئامارەکانی بەردەستمان لە ساڵی 2022دا، بە هۆکاری فرۆشتنی دەرمان بەشوێنی نایاسایی و فرۆشتنی دەرمان بەبێ پشکنین و پابەندنەبوون بە لکانی ستیکەر 16 کۆمپانیای دەرمان لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک داخراون، هەروەها 7 دەرمانخانە بە هۆکاری مامەڵەکردن بە دەرمانی ساختە و قاچاخ لە هەولێر و دهۆک و سۆران داخراون”.

د. شێروان سادق، بەڕێوەبەری کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان سەبارەت بە نۆرینگەکانیش گوتی، “24 نۆرینگەی پزیشکی داخراون و بەشێکیان بە هۆکاری مامەڵەکردن و فرۆشتنەوەی دەرمانی میری بووە، هەروەها 3 کۆگای دەرمان داخراون بە هۆکاری هەبوونی دەرمانی قاچاخ، دەرمانخانەیەک بە هۆکاری بوونی دەرمانی ساختە و فرۆشتنەوەی دەرمانی میری دراوەتە دادگە هەروەها کەسێک بە هۆکاری هاوردەکردنی دەرمانی ساختەی شەکرە دەستگیرکراوە”.

بەڕێوەبەری کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان لەبارەی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە گوتی، “بەداخەوە لەوێ تەندروستی و قایمقامییەت دەستوەردان لە کارەکانمان و دەمانەوێت بگەینە لێکتێگەیشتنێک بۆ ئەوەی کارەکانمان لەوێش بەردەوام و باش بن و تیمەکانمان بتوانن بگەنە هەموو شوێنەکان، ئەمەش پێویستی بەپشتیوانییە”.

رۆژی سێشەممە، 8ی ئاداری 2022، لە کۆنفرانسی پێداچوونەوە و چاکسازی لە سیستەمی تەندروستی، مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، “ئێمە هەنگاوی باش و گرنگمان لە چاکسازی لە بواری تەندروستی داناوە، لە بواری کوالێتیی دەرمان و رێنماییەکانی هێنان و تۆمارکردن و پشکنین و چاودێری و بەدواداچوونی بازاڕی دەرمان و سزادانی سەرپێچیکاران، بێگومان گلەیی زۆر لە هاوردەکردن و و قۆرخکردنی هێنانی دەرمان و کوالێتییەکەی هەیە، بۆیە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لەچاکسازییەکەی لەم بوارەدا، ئەگەرچی رووبەڕووی بەرژەوەندیی تایبەتی زۆر کەس و لایەن بووەتەوە، بەڵام سوورین لەسەر درێژەپێدان بە بەرنامە چاکسازییەکەماندا لە بواری دەرمان”.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *