هۆكاری شه‌ڕی نێوان نەیمار داسێلڤا و دۆناڕۆمای یاریزانانی پاریس سانجێرماندا ئاشكه‌را كرا

سەرچاوەیەکی رۆژنامەڤانیی لە ئیسپانیا ئاشکرایکردووە، لە دوای تەواوبوونی یاری نێوان ریال مەدرید و پاریس سانجێرمان بەئەنجامی 3-1 و چوونە دەرەوەی یانە فەرەنسییەکە لە قۆناخی شانزدەی چامپیۆنزلیگ، شەڕ لە نێوان نەیمار داسێلڤا و دۆناڕۆمای یاریزانانی پاریس سانجێرماندا دروستبووە. 

رۆژنامەکە دەڵێ، ئەوەی روویداوە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر بڕیاری کیلیان ئێمباپێ لە مانەوە یان رووکردنە ریال مەدرید دەبێت، کە تا ئێستا ئامادە نییە گرێبەستەکەی لەگەڵ سانجێرمان نوێبکاتەوە و هاوینی ئەمساڵیش گرێبەستەکەی کۆتایی دێت. رۆژنامەی ‘مارکا’ی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، مشتومڕی نێوان نەیمار و گۆڵپارێزەکەی سانجێرمان لە ژووری جلگۆڕیندا دروستبووە، دواتر کارەکە گەیشتووەتە ئەوەی هەردوو یاریزان پەلاماری یەکدیان داوە بە بۆکس و یاریزانانی دیکەی یانەکە کەوتوونەتە نێوانیانەوە بۆ لێککردنەوەیان. 

رۆژنامەکە دەڵێ “رووداوەکە ئەوکاتە دروستبووە کە نەیمار سەرکۆنەی دۆناڕوومای کردووە بەهۆی ئەو هەڵەیەوە کە لە گۆڵی یەکەمی بێنزیمادا کردی، بەڵام دۆنارووما لە سەرکۆنەکانی نەیمار بێدەنگ نەبووە و پێیگوتووە گۆڵی دووەمی ریال مەدرید بەهۆی ئەوەوە بوو کە تۆ تۆپەکەت لە نێوەڕاستی یاریگەدا لەدەستدا”. رۆژنامەکە دەڵێ، مشتومڕ و سەرکۆنەی نێوان دۆنارووما و نەیمار هەڵچوونی زیاتری بەخۆوە بینیووە و بەلێدان کەوتوونەتە سەر یەکتری و یاریزانان رێگەیان لەوە گرتووە دۆخەکە بەیەکجاری بتەقێتەوە. لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی شانزدەی چامپیۆنزلیگدا، دوێنێ شەو لەسەر یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ، ریال مەدرید میوانداری پاریس سانجێرمانی کرد، هەرچەندە لە گێمی یەکەمدا پاریس بەگۆڵێک پێشکەوت، بەڵام کەریم بنزیما لە ماوەی نزیکەی 17 خولەکدا هاتریکی لە یانە پاریسییەکە تۆمارکرد و بەوەش ریال مەدرید بۆ قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ سەرکەوت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *