ئەندامێکى سەربەخۆى پەرلەمانى عێراق دەڵێت، 120 هەزار تۆن گەنمى بەسەرچوو تێکەڵ بە گەنمى نێوخۆیی کراوە و هاڕدراوە و بەسەر هاووڵاتییاندا دابەشکراوە. دەشڵێت: “ئەو گەنمە بۆ ئالیکى ئاژەڵ دەبێت، لە پشکنینە و سکاڵامان داوەتە دەستەى دەستپاکیى عێراق بۆ لێکۆڵینەوە لەو پرسە”.
باسم خەشان، ئەندامى سەربەخۆى پەرلەمانى عێراق بە میدیاكانی راگەیاند:وەزارەتى بازرگانیی عێراق سێ بارى کەشتیى گەنمى ئەڵمانى کڕیوە کە دەگاتە 120 هەزار تۆن و شایستەى بەکارهێنان نین و بەسەرچوون، بەڵام بەڕێژەى 10% بۆ 40%ـى ئەو گەنمە تێکەڵ بە گەنمى نێوخۆیی کراوە بۆ ئەوەى بکرێتە ئارد و بەسەر هاووڵاتییاندا دابەشکراوە، لەگەڵ ئەوەى ئەو گەنمە چوار بۆ پێنج ساڵ پێش ئێستا بەرهەمهێندراوە.”
باسم خەشان ئاماژەى بەوە دا کە نرخى ئەو گەنمە بەهۆى خراپى کوالیتییەکەیەوە هەرزان بووە و ئیماراتى عەرەبی رەتیکردووەتەوە وەریبگرێت، بەڵام چەند “دەڵاڵێک” بازرگانێک بۆ عێراقیان هاوردەکردووە.