تورکیا لە چەند رۆژی رابردوودا هەزاران هاووڵاتیی خۆی لە ئۆکرایناوە گەڕاندەوە وڵاتەکەیان

تورکیا لە چەند رۆژی رابردوودا هەزاران هاووڵاتیی خۆی لە ئۆکرایناوە گەڕاندەوە وڵاتەکەیان، ئەوەش دوای ئەوەی کە گرژییەکانی نێوان رووسیا و ئۆکراینا پەرەی سەند و چووەتە قۆناخێکی مەترسیدارترەوە.

 بەشێک لەو هاووڵاتییانەی گەڕێندراونەتەوە وڵاتەکەیان، دانیشتووی ئۆکراینا بوون و لەترسی شەڕ لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی بوخارێستی رۆمانیاوە گەڕانەوە بۆ ئیستەنبووڵ. ئیبراهیم کاڵن، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا رایگەیاند، 20 هەزار هاووڵاتیی تورکیا لە ئۆکراینا دەژین کە  زیاتر لە 5 هەزاریان گەڕاونەتەوە. ڤوڕاڵ ئۆزەر، هاووڵاتییەکی گەڕاوەی تورکیایە و دەڵێت، “بە مەبەستی کارکردن لە فڕۆکەخانەی بۆریسبوڵ بووین لە کیێڤ. بەداخەوە ئێمە کاتێک دەنگی بۆردومانمان بیست، ئینجا زانیمان شەڕەکە دەستیپێکردووە. دواتر زەنگی هۆشداریمان بیست. لە نێو بۆردوماندا بە زۆر خۆمان بۆ رزگارکرد”. باڵیۆزخانەی ئۆکراینا لە ئەنقەرە لە هەژماری فەرمیی خۆیدا لە تویتەر وێنەیەکی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی: “زانکۆی کارازین لە شاری خارکیڤ کە بە هەزاران خوێندکاری تورک تێیدا خوێندوویانە، بەهۆی هێرشی رووسیاوە وای لێهاتووە، خۆ ئێرەش بنکەی سەربازیی نییە!” بەهۆی ئەوەی ئاسمانی ئۆکراینا داخراوە، هاووڵاتییانی تورکیا ناچارن لەڕێی شەمەندەفەر و پاسەوە خۆیان بگەیێننە وڵاتی رۆمانیا و لە فڕۆکەخانەکانی ئەو وڵاتەوە بگەڕێنەوە.

ئەوان باس لەو نەهامەتییە دەکەن کە ئۆکراینییەکان تێیدان. گۆزدە ئەربای، هاووڵاتییەکی دیکەی تورکیایە و باس لەوە دەکات: “بۆ ئێمە سەختە، بەڵام بۆ ئۆکراینییەکان زۆر سەختترە. ئێمە خۆشحاڵ نین بە رزگاربوونمان! دڵمان لەوێیە”. ئیسماعیل رۆستەم، هاووڵاتییەکی دیکەی تازە گەڕاوەی تورکیایە لە ئۆکراینا و باسی لەوە کرد: “لە دووریی 15-20 کیلۆمەتر لێمانەوە 4-5 مووشەک کەوتنەخوارەوە. ئێمە وەکو هاووڵاتیی تورکیا خۆمان رزگارکرد، بەڵام لەوێدا هاوڵاتییان و منداڵان لە پەناگەکاندا خۆیان حەشارداوە و کێشەی خواردن و خواردنەوەیان هەیە”. بەشێک لەو هاوڵاتییانەی تورکیا لەڕێی پاسی باڵیۆزخانەی تورکیا لە کیێڤ دەگەیەنرێنە سەر سنووری رۆمانیا. بەشێکیشیان خۆیان ئەو رێگەیە دەبڕن. رۆژی سێشەممەی رابردوو، کاروانێکی دیکەی 164 کەسی لە ئۆکرایناوە گەڕانەوە بۆ تورکیا. 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *