كۆگاكانی كوردستان پڕن له‌ خۆراك

بەهۆی شەڕی رووسیا و ئۆکرایناوە لە هەرێمی کوردستان نرخی هەندێک ماددەی خۆراکی، بە تایبەتی رۆنی شل، زیاد بووە و بەشێک لە هاونیشتمانییانیش لە ترسی ئەوەی نەوەک قەیرانی خۆراک سەرهەڵبدات دەچنە فرۆشگەکان و بەبڕی زۆر شتومەک دەکڕن. جێگری سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و هەناردەکارانی هەرێمی کوردستانیش رایدەگەیێنێت، هیچ قەیرانێکی خۆراک نییە و لە کۆگەکاندا شت زۆرە و هیچ پەکمان ناکەوێت.

 شێخ عەتا محەممەد نووری، جێگری سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و هەناردەکارانی هەرێمی کوردستان و بەرپرسی لقی سلێمانیی یەکێتییەکە بە ميدياكانی راگەیاند: “کاتێک شەڕێک و ئاڵۆزییەک لە دنیادا دروست دەبێت، قەیرانێکی ئابووری سەرهەڵدەدات کە هۆکارەکەی خەڵکە، چونکە لەو کاتانەدا پەلاماری بازاڕ دەدات و ئەگەر پێویستی بە دوو تەنەکە رۆن بێت دەچێت شەش تەنەکە دەکڕێت.” شێخ عەتا محەممەد نووری بە جەختەوە گوتی: “هیچ قەیرانێکی خۆراک نییە و لە کۆگەکانماندا شت زۆرە و بەشی شەش مانگ هەیە.

نابێت خەڵکی ئێمە بترسن؛ بازرگانانی ئێمە دەتوانن ماددە خۆراکییەکان دابین بکەن.” هەمیشە کە شەڕێک دروست دەبێت سەرەتا نیگەرانیی خەڵکی لێدەکەوێتەوە، ئەوەیش وادەکات پشێوییەک لە بازاڕ و بازرگانیدا دروست ببێت. گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتیی هاوردە و هەناردەکارانی کوردستانیش گوتی: “بازرگانانی ئێمە دەتوانن رێڕەوێکی دیکەی بازرگانی بۆ هاوردەکردنی کاڵا بدۆزنەوە.

ئێمە هیچ کێشەیەکی کاڵا و ماددەی خۆراکیمان نابێت و وڵاتانی دیکەی شوێنگرەوە هەن و لەوانەوە هاوردە دەکەین.” بازرگانانی هەرێمی کوردستان بەشێکی ماددە خۆراکییەکانی وەک ئارد، رۆن، گەنم و گەنمەشامییان لە رووسیا و ئۆکرایناوە هاوردە دەکرد کە ئێستا بەهۆی شەڕی ئەو دوو وڵاتەوە هاوردەکردنیان لەو وڵاتانەوە راگرتووە.  جێگری سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و هەناردەکارانی هەرێمی کوردستان گوتی: “راستە ئێمە لەگەڵ رووسیا و ئۆکراینادا پەیوەندیی بازرگانیی باشمان هەیە، بەڵام هاوکات ئێمە لەگەڵ چین، ئێران، تورکیا، هیندستان و ئیماراتدا پەیوەندیمان هەیە و بازرگانانمان لەو وڵاتانەیشەوە هاوردە دەکەن. دەشتوانن لە ئیندۆنیزیا، رۆمانیا، پاکستان و وڵاتانی دیکەشەوە هاوردە بکەن. شتێکی وانییە کە بگوترێت بەهۆی ئەم شەڕەوە رێڕەوەکە دەگیرێت و ئیتر پەکمان دەکەوێت.

ئێمە لە کاتی کەرەنتینەکەدا پەکمان نەکەوت، ئێستاش هیچ پەکمان ناکەوێت.” سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتیی هاوردە و هەناردەکارانیش باسی لەوە کرد، هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەرەکانی تورکیاوە لە رووسیا و ئۆکرایناوە کاڵا و شتومەکی هاوردە دەکرد، بەڵام ئەوان دەشتوانن لە هیندستان، ئوسترالیا و ئەرجەنتینەوە ماددەی خۆراکی هاوردە بکەن.  گوتیشی: “ئێمە هیچ دەروازە و رێگەیەکمان بە روودا دانەخراوە کە ببێتە مایەی ئەوەی نیگەران ببین. نرخی نەوت کە زیاد بووە، خۆبەخۆیش کاڵا و شتومەک گران دەبن.” سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی دهۆکیش گوتی: “ئێمە تەنیا یەک رێگەمان لە بەردەمدا نییە و بە یەک سنوور و وڵاتەوە نەبەستراوینەتەوە، بەڵکو زۆر وڵات هەن، کە ئێمە دەتوانین کاڵایان لێوە هاوردە بکەین. دەبێت خەڵک دڵنیابن، کە هیچ قەیرانێکی کەلوپەل و کاڵا روونادات، کە ماددە خۆراکییەکان لە بازاڕدا نەمێنن.”

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *