ریال مەدرید بەسەرکردایەتی کەریم بنزیما بەردەوامە لەسەر بردنەوەکانی و ئەمجارەش ریال مایۆرکا بووە قوربانییەکی نوێی یانەی شاهانە.
لە دوایین یاریی گەڕی 28ـی لالیگادا، ریال مەدرید لە دەرەوەی یاریگەی خۆیدا بووە میوانی یانەی مایۆرکا و 3-0 لێیبردەوە. سەرەتا یارییەکە بە هاوسەنگی لەنێوان هەردوو تیپدا بەڕێوەچوو، کە یاریزانانی هەردوولا چەندجارێک هێرشیان بردە سەر گۆڵی یەکدی و یانەی خاوەن یاریگە دووجار زۆر نزیک بوو لە هەژاندنی تۆڕی گۆڵی ریال مەدرید، بەڵام نیوەی یەکەم بەبێ گۆڵ کۆتاییهات.
لە نیوەی دووەمدا یاریزانانی کارلۆ ئەنچیلۆتی سووربوون لەسەر تۆمارکردنی گۆڵ و تەنیا 9 خولەکیان پێویست بوو، بۆ ئەوەی ڤینیسیۆس جۆنیۆر تۆپێک لە کەریم بنزیماوە پێبگات و گۆڵی پێشکەوتن بۆ مێرینگێ تۆماربکات.
دوای ئەو گۆڵە یاریزانانی مایۆرکا هەوڵیاندا گۆڵی یەکسانبوون تۆماربکەن، بەڵام ناوبژیوان لێدانێکی سزای بۆ ریال مەدرید هەژمارکرد، بنزیما لە خولەکی 77 سەرکەوتووانە جێبەجێیکرد و گۆڵی دووەمی شاهانەی تۆمارکرد. دوای تەنیا 5 خولەک کەریم بەسەر گۆڵی دووەمی خۆی و سێیەمی ریال مەدریدی تۆمارکرد و سێ خاڵی دیکەی خستە سەر هەژماری یانەکەی لە پێشەنگی ریزبەندیی لالیگا، کە خاوەنی 66 خاڵە، لە کاتێکدا مایۆرکا پلەی 16ـی ریزبەندیی گرتووە، کە خاوەنی 26 خاڵە.