زیاتر لە 18 جار داوای داهاتی پارێزگاکە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕینیان کردووە، بەڵام وەڵامیان نادرێتەوە.

سەرۆکی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی رایدەگەیێنێت، زیاتر لە 18 جار داوای داهاتی پارێزگاکە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕینیان کردووە، بەڵام وەڵامیان نادرێتەوە. دەشڵێت، “ئێمە داهاتمان هەیە و زیادیشی کردووە. پێویستە وەزیری دارایی ئەوە روون بکاتەوە کە بۆچی بەرپرسێکی حیزبی داهاتی سلێمانیی لایە، بەڵام لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی نییەتی.”

 کاسترۆ مەعرووف، سەرۆکی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە میدیاكانی راگەیاند، “لە رێگەی لیژنەکەمانەوە زیاتر لە 18 جار بە نووسراوی فەرمیی داوامان کردووە کە بزانین داهاتی پارێزگای سلێمانی بە گەرمیان و راپەڕینەوە چەندە، بەڵام بە داخەوە هیچ فەرمانگەیەکی سنووری پارێزگای سلێمانی بە ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕینەوە وەڵامێکی ئەوتۆیان بۆ ئێمە نییە.” کاسترۆ مەعرووف ئاماژە بەوەش دەکات، وەڵامەکەیان ئەوەیە کە ئەوان ناتوانن ئەو زانیارییانە بە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بدەن و دەبێت سەرووی خۆیان ئاگادار بکەنەوە. گوتیشی، “وەزارەتی داراییش پێی گوتووین کە ناتوانن ئەو زانیارییانە بە ئێمە بدەن و دەبێت سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئەوە رایانبسپێرێت.”  هاوار شێخ رەئووف، شارەزای بانکی و بەڕێوەبەری گشتیی پێشووی بانکە بازرگانییەکان لە هەرێمی کوردستان گوتی، “ئەم کێشەیەی ئێستا هەیە، ئەگەر لە مانگەکانی ئایندەدا چارەسەر نەکرێت، قەبارەکەی زۆر گەورەتر دەبێت و کێشەکە زۆر خراپتر دەبێت. رۆژی 2021/01/02 لە سنووری سلێمانیدا زیاتر لە 350 ملیار دیناری نەخت لە 34 بانکەکەدا بووە کە هی پێرار بووە و لە بەردەستیاندا ماوە. هەر مانگێک 162 ملیار دیناریان بۆ تەواوکردنی مووچە تەرخان کردووە.” 

زیاد کاکەڕەزا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانیش باس لەوە دەکات، “ئەوەی تاوەکو ئێستا هەیە ئەوەیە کە دەگوترێت بانکەکان پارەیان تێدا نییە. لە کۆبوونەوەی رۆژی شەممەی رابردووماندا لەگەڵ بەڕێوەبەری بانکی هەرێم و بانکەکانی دیکەی نێوشاردا هەموویان گوتیان، ئەوە کێشەکەیانە کە پارەی نەختیان لەبەردەستدا نییە مووچەی فەرمانبەر و خانەنشینانی پێبدەن.” زیاد کاکەڕەزاش ئاماژە بەوە دەکات، چەندین جار داوای داهاتی سلێمانییان کردووە، بەڵام هەموو جارێک داواکەیان رەتکراوەتەوە.  لە بانکەکانی سنووری پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک مووچەی خانەنشینی دراوە و تەنیا لە بانکەکانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە ماوە. کاسترۆ مەعرووف گوتی، “داهاتی سنووری پارێزگای سلێمانی کەمی نەکردووە. ئێمە داهاتمان هەیە و زیادیشی کردووە. پێویستە وەزیری دارایی ئەوە روون بکاتەوە کە بۆچی بەرپرسێکی حیزبی داهاتی سلێمانیی لایە، بەڵام لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی نییەتی، وەزیر وردەکارییەکان بۆ خەڵک بڵاوبکاتەوە.” 

زیاد کاکەڕەزا دەڵێت، “بۆ تەواوکردنی پارەی مووچەخۆران و خانەنشینان لەولا [سنووری هەولێر و دهۆک] هەرچەندی کەم بێت لە داهاتی نێوخۆ دەخرێتە سەری و رەوانەی بانکەکان دەکرێت. لێرەش [سنووری سلێمانی و هەڵەبجە] بە هەمان شێوەیە، تاوەکو پارەی نەوت و 200 ملیارەکە ئەو وەزارەتانەی بەریان دەکەوێت خەڵک بەبێ کێشە مووچەکەیان وەردەگرن، بەڵام دوایی کە دێتە سەر تەواوکردنەکەی بە داهاتی نێوخۆ، دەبینیت بە بەردەوامی کێشەی بۆ دروست دەبێت.” هاوار شێخ رەئووف ئاماژە بەوەش دەکات، “ساڵی رابردوو لە سنووری سلێمانیدا نزیکەی تریلیۆنێک دینار لە داهاتی نێوخۆ بۆ تەواوکردنی مووچە بەکارهێنراوە. داهاتی گومرگ لە سنووری پارتی زۆر زیاترە لەوەی سنووری یەکێتی و ئەوەندە زۆرە کە ناکاتە 57٪ بە 43٪، بەڵکو لە سەرووی 65٪ـەوەیە. ئەمە بۆ باجیش راستە. خۆی رێژەکە 65٪ بە 35٪ـە، بەڵام هاتوون 57٪ بە 43٪ـیان خستووەتەسەر. ئەمەش وا دەکات لە بانکەکانی سنووری پارتیدا لە چاو بانکەکانی سنووری یەکێتیدا پارەی زیاتر هەبێت.” لە ماوەی رابردوودا دوای ئەوەی وەزارەتی دارایی دەسەڵاتی لە بەڕێوەبەری گشتیی بانکی ناوەندیی سلێمانی وەرگرتەوە لیژنەیەکی بۆ بەدواداچوونی داهات و خەرجیی سلێمانی و هۆکاری نەبوونی پارە لە بانکەکانی ئەو پارێزگایەدا پێکهێنا کە هاوار شێخ رەئووف سەرۆکی ئەو لیژنەیە بوو.

لیژنەکە پێنج کەس بوون و هەشت رۆژ کاتیان بۆ دیاری کرابوو. هاوار شێخ رەئووف بەم جۆرە باسی کارەکانیانی کرد: 

-له‌ هەموو پارێزگایەک دوو فەرمانگەی گەنجینەمان هەیە کە لە هەموو داهات و خەرجییەکی سنووری پارێزگاکەیان بەرپرسن و مانگانە دەبێت هەموو فەرمانگەیەک هاوئاهەنگییان لەگەڵدا بکەن و “میزانیەی” یەکگرتوو دروست بکەن. 

  – ساڵی رابردوو شەقامی 100 مەتریی سلێمانی 21 ملیار دیناری لە داهاتی نێوخۆ بۆ خەرج کراوە. کۆمپانیای ماس پارەیەکی زۆری دابینکردنی کارەبای لای حکومەتە کە نزیکەی پێنج ملیار دۆلارە کە لە سنووری سلێمانی زیاتر لە 44 ملیار دیناریان بۆ خەرج کراوە. ئەو دووانەش پێکەوە 65 ملیار دینار دەکات کە داهاتی نێوخۆیە. هاوکات، پارە بۆ ئەو کۆمپانیایانەش خەرج کراوە کە بەپێی یاسا بۆ حکومەت کار دەکەن.  

– لە مانگی 12ـی 2021ـدا سلێمانی زیاتر لە 73 ملیار دینار داهاتی کارەبای هەبووە. لەو بڕە زیاتر لە 26 ملیاری چووەتە نێو بانکەکان، 35 ملیاریشی کرێی کارەبای فەرمانگە حکومییەکان بووە کە پارە ناخاتە بانکەکانەوە و بە چەکێکی گەنجینە دەدرێت و ئەوی دیکەیشی بەشێکی بە چەکی “موسەدەق” کراوە. چەکی “موسەدەقیش” دوو جۆرە، هەندێکی پارەی نەخت دروست دەکات و هەندێکیشی نایکات.  

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *