ته‌نها ئه‌و حزبانه‌ی دۆڕاون نایانه‌وێت هه‌ڵبژاردن بكرێت

چاودێرانی سیاسی پێیان وایە، ترس لە هەڵبژادن وای کردووە ئەو حزبانەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دۆڕاون و ژمارەی کورسییەکانیان بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە، کە ئەگەری زۆرە لە هەڵبژاردنی چاوەڕوانکراوی داهاتووی هەرێمی کوردستانیش ڕووبەڕووی شکستی گەورە ببنەوە، بەتایبەتی یەكێتی، ئێستا لەم کاتە کەمەی کە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ماویەتی، بیانوو بە هەمواری یاسای هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان و کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان دەگرن، تاوەکوو لەو ڕێگەیەوە هەڵبژاردن دوا بخەن، یان یاساکە بە شێوەیەک هەموار بکرێتەوە، مانەوەی ژمارەی کورسییەکانیان لە چوارچێوەی هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن، مسۆگەر بکەنەوە.

وادەی دیاركراو بۆ هەڵبژاردن

لە ماوەی رابردوودا، نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمی کوردستان، لە فەرمانێکى هەرێمیدا بڕیاری دا، ڕۆژى 1ی 10ی 2022 هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان ئەنجام بدرێت، ئەوەش لەسەر بنەمای ئەوەی کە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 30ی ئەیلوولی 2018دا بەڕێوە چووە و لە هەمان ڕێکەوتی ئەمساڵدا، چوار ساڵ بەسەریدا تێدەپەڕێت.

داواکردنی هەمواركردنەوەی یاسا

بەپێی زانیارییەکانی (تیر)، لەلایەن پەرلەمانتارانی (یەکێتی، گۆڕان، کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتووی ئیسلامی و نەوەی نوێ)، لە 28ی ئاداری 2022، پێشنیازە یاسایەک بۆ هەمواری هەشتەمی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان پێشكەش بە پەرلەمانی کوردستان کراوە، تاوەکوو لە ڕێگەی ئەو هەموارەوە، ئەو حزبانە ژمارەی کورسییەکانیان لە پەرلەمانی کوردستان مسۆگەر بکەنەوە، چونكە زۆربەیان لە هەڵبژاردنی رابردووی پەرلەمانی عێراقدا، شکستی گەورەیان هێنا.

ئەو هێزانە بەپێی ئەو هەموارەی کە داوایان کردووە، هەرێمی کوردستان بۆ چوار بازنەی هەڵبژاردن دابەش دەکرێت و هەر پارێزگایەک بازنەیەکی هەڵبژاردن دەبێت، واتە هەرێمی کوردستان بازنەکانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە) دەبێت کە ئێستا بەو یاسایەی کە هەیە، یەک بازنەی هەڵبژاردنە و بەهای کورسییەک لە هەر پارێزگا و شوێنێک وەکوو یەکە، چونکە، هەر ئەو هێزانە لە هەموارەکەیاندا، داواشیان کردووە دابەشکردنی کورسییە گشتییەکانی پەرلەمان بەسەر بازنەکاندا، بەگوێرەی ژمارەی دانیشتوانی هەر پارێزگایەک بێت، هەروەها دابەشکردنی کورسییەکان بەسەر لیستە بەشدارەکان بە ڕێگەی سانت لیگۆ بێت و کۆی گشتیی دەنگی دروستی بەدەستهاتوو بۆ هەر لیستێک لە هەر بازنەیەکی هەڵبژاردن، دابەشی ژمارە تاکەکان (9،7،5،3،1…. تاد) بکرێت و پڕۆسەی دابەشکارییەکە بە هێندەی ژمارەی کورسیی تەرخانکراو بۆ هەر بازنەیەکی هەڵبژاردن بێت.

دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان

لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، کە لە 30 ئەیلوولی 2018 ئەنجام درا، بەو یاسایەی کە ئێستا لەلایەن ئەو حزبانەوە داوای هەموارکردنەوەی دەکرێت، لەو هەڵبژاردنەدا 29 لیست بەشداریی هەڵبژاردنیان کرد و لە ئەنجامدا 16 لیست توانیویانە کورسیی پەرلەمان بەدەست بهێنن، کە پارتی دیموکراتی کوردستان 45 کورسی و یەکێتیی نیشتمانیی نیشتمانیی کوردستان، 21 کورسی و بزووتنەوەی گۆڕان 12 کورسی و نەوەی نوێ هەشت کورسی کە ئێستا چوار کورسییان جیا بووەتەوە، کۆمەڵی دادگەری حەوت کورسی کە ئەوکات ناوی کۆمەڵی ئیسلامی بووە، یەکگرتووی ئیسلامی، کە بە ناوی هاوپەیمانیی بەرەو ئیسڵاح بەشداریی کردووە، پێنج کورسی و لیستی سەردەم و ئازادی، هەریەکەی یەک کورسی و پارتی گەشەپێدانی تورکمانی دوو کورسی و هاوپەیمانی یەکێتیی نەتەوەیی سێ کورسی، هەریەک لە پارتی چاکسازیی تورکمانی و لیستی میللەت و لیستی بەرەی تورکمانی، یەک کورسی و لیستی رافیدەین و ئەنجوومەنی گەلی کلدانی و لیستی ئەرمەن هەریەکەی کورسییەکی پەرلەمانی کوردستانیان بەدەست هێناوە.

ترس لە هەڵبژاردنی 2022 و بیانوو دروستکردن

هەر ئەو حزبانەی، کە لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەو یاسایەی کە هەیە، بەو کۆمسیۆنە سەربەخۆیەی کە هەڵبژاردنی بەڕێوە بردووە، توانیویانە ئەو ژمارە کورسییانەی کە هەیانە، بەدەستی بهێنن، بەڵام ئێستا ترسیان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەیە، کە ئەگەر ژمارەی دەنگ و کورسییەکانیان بە پێوەر لە هەڵبژاردنی ڕابردووی پەرلەمانی عێراق وەربگرین، کە دوایین ئاماری ژمارەی دەنگەکانیانە، ئەوا زۆربەی ئەو هێزانە بە شێوەیەک کورسییەکانیان لەدەست داوە، هیچ ئومێدێکیان نییە لەو یاسایەی کە ئێستا بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەیە، کە هەرێمی کوردستانی بە یەک بازنە دیار کردووە، كە ئەو هێزانە بتوانن بە قەبارەی ئێستایان لە پەرلەمانی کوردستان بمێننەوە.

هەر بەو هۆیەشەوەیە دەیانەوێ بە هەمواری یاساکە، بە گۆڕینی سیستەمەکە لە یەک بازنەوە بۆ چوار بازنە، بە دیاریکردنی ژمارەی کورسییەکان بۆ هەر پارێزگایەک، کورسییەکانی ئێستایان مسۆگەر بکەنەوە، چونکە بەو هەموارییەی دەیانەوێ بیکەن، ئەوە بەهای کورسییەکان لە هەر بازنەیەک جیاواز دەبێت و رەنگە لە یەکێک لە بازنەکان کورسیی پەرلەمان بە 30 هەزار دەنگ بەدەست بێت، بەڵام لە بازنەی دیکە، بەهای کورسی بۆ 10 بۆ 15 هەزار کەم بێتەوە، بەوەش ئەو هێزانە لەو سنوورانەی کە جەماوەریان ماوە، کورسییەکانی ئێستایان بە بەهای کەمتر دەست دەکەوێتەوە.

پارتی و هەڵبژاردن

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 5ی4ی2022، زانا مه‌لا خالید، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌نووسیدا ڕایگه‌یاند، كه‌ پارتی ده‌یه‌وێت هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، له‌ كاتی دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوە بچێت.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، كه‌ ئاماده‌ن كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن، وه‌كوو په‌یكه‌ربه‌ندیی پێشووی دروست بكرێته‌وه‌، یان به‌پێی به‌ركه‌وته‌ی هه‌ڵبژاردنی ساڵی 2018ی هه‌رێمی كوردستان دروست بكرێت.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی پێشتر جەختی لەوەش کردبووەوە: ”ئێستا ھیچ بەربەستێک لەبەردەم بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستاندا نەماوە و تەنیا کاراکردنەوەی کۆمسیۆن پێویستە، لەبەر ئەوەش کار بۆ ئەوە دەکرێت کۆمسیۆنی سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان بەپێی یاسا کارا بکرێتەوە و دەست بە ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن بکرێت”.

هەر لەو کۆنگرە رۆژنامەوانییەی ئەمڕۆ، زانا مه‌لا خالید، بە ئاماژەدان بەوەی کە پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادە نییە زۆرینەی پەرلەمانیی خۆی بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بەکار بهێنێت، بەڵام دووپاتیشی كرده‌وه‌ كه‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان په‌یڕه‌وی پەرلەمانی پێشێل كردووه‌ و گوتی: “هۆشداریی پێ ده‌ده‌ین، ئه‌گه‌ر سه‌رۆكی په‌رله‌مان، دانیشتنی په‌رله‌مان ڕانه‌گه‌یه‌نێت و هێزێك بیه‌وێت دانیشتن په‌ك بخات، زۆرینه‌ی په‌رله‌مانی به‌كار ده‌هێنین”.

ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق… گۆڕانی هاوکێشەی هێزەکان

د.ئاراس عەبدوڵا، چاودێری سیاسی، به‌ میدیاكانی ڕایگەیاند: ”ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، هاوکێشەی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان گۆڕیوە، ئەو ئەنجامانەش بووەتە هۆی سەرهەڵدانی ترس لەلای ئەو لایەنە سیاسییانەی لەو هەڵبژاردنەدا شکستیان هێناوە و دەترسن هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش بەو شێوەیە بێت، جگە لەوەشیان، هەندێ لایەن لەو سیستەمەی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان، کە یەک بازنەییە دەترسن، بەڵام گۆڕینی ئەو سیستەمەش ئاسان نییە“.

گوتیشی: ”کۆمەڵی دادگەری کە دۆڕاوی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقە، ترسی هەیە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش بدۆڕێ، یەکگرتووش ئەگەر بە ژمارەی دەنگ سەیری بکەی، بە هەمان شێوە دەنگەکانی جێگەی دڵخۆشکەر نین، بۆیان ئەگەر بە یەک بازنەیی سەیری دەنگەکانی بکەی، ئەوا وا ناکات کە یەکگرتوو نەترسێ لە ئەنجامەکان، یەکێتی بارودۆخی ناوخۆیی زۆر خراپە و دەیەوێ هەڵبژاردن هەر نەکرێت و دوابخرێت، تاوەکوو تەسفیەی ناوخۆیی زیاتر بکات، گۆڕان کە نەیتوانی یەک کورسی لە پەرلەمانی عێراق بەدەست بهێنێ، ئەو هۆکارانە وای کردووە ئەو لایەنانە لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردندا بن و بیانووی بۆ بهێننەوە، یان بە هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن، کورسییەکانی ئێستایان مسۆگەر بکەنەوە“.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *