كێشەی نەبوونی پارە لە بانكەكانی سلێمانی و ئیدارە سەربەخۆكانی دەڤەرەكە بەردەوامە

كێشەی نەبوونی پارە لە بانكەكانی سلێمانی و ئیدارە سەربەخۆكانی دەڤەرەكە بەردەوامە و تا ئێستاش بەشێكی خانەنشینان مووچەی مانگی دوویان وەرنەگرتووە.

بەپێی راپۆرتێكی (دەنگی ئەمریكا)، لە سنووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارە سەربەخۆکانی دەوروبەری، بە بانکی هەرێمەوە لە سلێمانی 33 بانکی تێدایە، کە سەرجەم ئەو بانکانە گرفتی نەبوون، یاخود کەمیی پارەی نەختینەیان هەیە.

نەمانی پارەی نەختینە لە بانکەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارە سەربەخۆکانی دەوروبەری، گرفتێکی گەورەی دارایی و ئابووری دروست کردووە و خەریکە دەبێتە ڕاوەستانی بەشێک لە پرۆژە خزمەتگوزارییەکان و ئیش و کارە حکوومییەکان.

عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان، بۆ تێگەیشتن لە گرفتی کەمیی پارەی نەختینە لە بانکەکانی سلێمانی، مانگی دووی ئەمساڵی بە نموونە هێنایەوە و ڕوونی کردەوە، داهاتی نەوت لەو مانگەدا 488 ملیۆن دۆلار بووە، لەکاتێکدا هەرێم پێویستی بە 600 ملیۆن دۆلارە بۆ مووچە، واتە 112 ملیۆن دۆلار لەپارەی نەوت کەمتر بووە، تا مووچەی پێ دابین بکرێت، گوتی: “لە 488 ملیۆن دۆلارەکەی داهاتی نەوت، 43%، کە دەکاتە 209 ملیۆن دۆلار بۆ سلێمانی و ئەوەی دیكەی بۆ هەولێر و دهۆک بووە، بۆیە بۆ دابینکردنی پارەی مووچە، سلێمانی پێویستی بە 48 ملیۆن دۆلاری دیكە هەبووە، تا مووچەی موچەخۆرانی پارێزگاکەی پێ دابین بکرێت، بۆیە تائێستا هەندێک لە مووچەخۆران ماون و 48 ملیۆن دۆلارەکە تەواو نەبووە و نزیکەی 7 ملیۆن دۆلاری ماوە”.

ئەندامەكەی لێژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان، گوتیشی: “پارەی پرۆژە و خاشاک و دەرمان و نەسریەی فەرمانگەکان و خەرجیی هێزە سەربازییەکان، دەبێت هەر ناوچەیەک لە داهاتی خۆی بیدات، لە سلێمانی دەڵێن، داهاتی پێویستمان بۆ ئەمە لەبەردەستدا نییە”.

نەمانی پارەی نەختینە لە بانکەکانی سلێمانی، چەندین گرفتی گەورەی خزمەتگوزاری و بەڕێوەبردنی بەدوای خۆیدا هێناوە، کۆمپانیاكان لە زۆربەی شار و شارۆچکەکان خزمەتگوزارییان ڕاگرتووە، گرفتی کەمیی دەرمان دروست بووە و بەشێکی زۆر لە پرۆژەکانیش ڕاگیراون.

لە سەرێكی دیكەوە، بەپێی زانیارییەكانی (تیر)، كە لە بەرپرسێكی بانك لە سلێمانی وەرگیراون، بەشێكی خانەنشینانی سلێمانی هێشتا مووچەی مانگی دوویان وەرنەگرتووە، ئەوەش لەكاتێكدایە، سبەی یەكشەممە 10ی نیسان، وەزارەتی دارایی دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی سێ دەكات.
هەفتەی رابردوو، زیاد کاکە ڕەزا، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە (میدیاكانی)ی ڕاگەیاند: “پاره‌ و داهاتی سلێمانی نایەته‌وه‌ بانكه‌كان، بۆیه‌ كێشه‌ی به‌رده‌وامی مووچه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نه‌بوونی پاره‌ له‌ بانكه‌كان، كاتێك له‌ هه‌ولێره‌وه‌ داهاتی نه‌وت و 200 ملیاره‌كه‌ ده‌نێردرێت، مووچه‌ هیچ كێشه‌ی نییه‌، به‌ڵام كه‌ دێته‌ سه‌ر ته‌واوكردنی مووچه‌ له‌ داهات، ئه‌وا‌ له‌ سلێمانی كێشه‌ دروست ده‌بێت”.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا، ئیداره‌ی سلێمانی لە نه‌دانی مووچه‌ به‌رپرسه‌، گوتیشی: “ئه‌وه‌ یه‌كلایی بووه‌ته‌وه، كە‌ داهاتی پارێزگاكان به‌ پله‌ی یه‌كه‌م ده‌بێت بۆ مووچه‌ بێت و پاشان بۆ خزمه‌تگوزارییه‌كان، ئیداره‌ی سلێمانی و یه‌كێتی به‌ پله‌ی یه‌كه‌م به‌رپرسن له‌و دۆخه‌ی دروست بووه‌، ده‌بێت به‌رپرسانی ئیداره‌ راستییه‌كان بۆ خه‌ڵك ئاشكرا بكه‌ن”.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا، ئیداره‌ی سلێمانی بێ باكه‌ له‌ ئاست كێشه‌ی مووچه‌خۆران و خزمه‌تگوزارییه‌كان، گوتیشی: “هه‌ندێك فه‌رمانگه‌ تا ئێستا مووچه‌ی مانگی دوویان وه‌رنه‌گرتووه‌، ته‌نانه‌ت به‌شێك له‌ خانه‌نشینانیش مووچه‌یان وه‌رنه‌گرتووه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ بێ باكیی به‌رپرسانی ئیداره‌ی سلێمانی نه‌بێت، ناوی لێ بنێین چی؟ خانه‌نشینێك 30 ساڵ خزمه‌ت و خه‌بانی هه‌بێت، چۆن ده‌بێت ئه‌وها ماندوو بكرێت”.
ئه‌ندامه‌كه‌ی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، روو له‌ به‌رپرسانی یه‌كێتی و ئیداره‌ی شاره‌كه‌ ده‌كات و ده‌ڵێت: “هه‌ر ئێوه‌ بوون داوای لامه‌ركه‌زیتان ده‌كرد، ئێستا داهاتی پارێزگاكه‌تان پێ دراوه‌، ئه‌ی بۆچی مووچه‌ی خه‌ڵك ناده‌ن و خزمه‌تگوزاریی به‌م شێوه‌یه‌یە؟ سلێمانی زۆر بێ نازه‌و وا بڕوات نه‌خۆشخانه‌كانیش ده‌رمانیان نامێنێت و كۆمپانیاكانی زبڵ و خاشاكیش كاریان راده‌گرن”.
جێی باسە، چەند مانگێكە پارەی مووچەی فەرمانبەران لە بانكەكانی سلێمانییەوە بە مووچەخۆران نادرێت و داهاتی شارەكەش نەدەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حكوومەت و نە بە مووچەخۆرانی سلێمانی دەدرێ، بەم هۆیەوە، لە ڕۆژی 27ی 1ی 2022، وەزیری دارایی، سەرجەم دەسەڵاتەكانی
هەر لە چوارچێوەی هەنگاوەكانی وەزارەتی دارایی و بەهۆی ئەو دۆخەی لە سلێمانیدا هەیە، ڕۆژی دووشەممە 21ی شوباتی 2022، وەزارەتی دارایی ڕێنوێنییەكی تازەی دەركرد و داوای لە لقی سلێمانیی بانكی ناوەندیی هەرێم كرد، دەستكاریی پارەی مووچەی خەڵك لەنێو بانكەكاندا نەكات.
ڕۆژی 16ی3ی2022، لە ڕوونكردنەوەیەكدا، وەزارەتی دارایی و ئابووری ئاشکرای کرد، بەدرێژایی ساڵی 2021، بانكی ناوەندی هەرێم- سلێمانی، ڕێنماییەكانی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی، تایبەت بە چۆنیەتیی دابەشكردنی سیولە و ئەولەویەتی مووچە جێبەجێ نەكردووە و سەربەخۆ ڕەفتاری كردووە و دەستی بردووە بۆ ئەو سیولانەش، كە هی هاووڵاتییان و فەرمانگەكانی حكوومەتن و لە ژمارە حیسابی خۆیاندا بووە، کە یاسا ڕێگە بە دەستكارییان نادات”.
لە 13ی 3ی 2022، بە واژووی 14 ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، کە بۆ سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ناردوویانە، ئاماژەیان بەوە داوە، ماوەی چەند مانگێكە لە سنووری پارێزگای سلێمانی باس لەوە دەكرێت، كە “داهاتی ناوخۆ سفرە و هیچ بڕە داهاتێك لە سنوورەكە كۆنەكراوەتەوە، بەتایبەتی مانگەكانی یەك و دووی ئەمساڵ، ئەمەش كراوە بە بیانوو بۆ دابەشنەكردنی مووچە، ئەوە لەكاتێكدایە، كە بەپێی زانیارییەكانیان، داهات زیادی كردووە”.
لەو نووسراوەدا، كە 14 ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی واژۆیان لەسەر كردووە، هاتووە: “لە مانگی یەك و دووی ساڵی 2021، داهاتی ناوخۆی سلێمانی 150 ملیار دینارە بووە”.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *