ئه‌مڕۆ یادی خیانه‌تی پشتئاشانه‌

لە ڕۆژێكی وەك ئەمڕۆدا و لە ساڵی 1983، هێزەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، هێرشیان كردە سەر بارەگای حزبی شیوعیی عێراق لە گوندی (پشتئاشان) و زیاتر لە 70 كەسی كوشت كە زۆر لە كوژراوەكان دیل یان ژن و منداڵ بوون.

بەپێی گێڕانەوەی دەیان سەرچاوەی جۆراوجۆر لە بەرەی یەكێتی و لایەنەكانی دیكەش، لە ڕۆژی 1ی ئایاری 1983، ئەوكات یەكێتی لە گفتوگۆدا بوو لەگەڵ رژێمی بەعس، هێزێكی گەورەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە زیاتر لە هەزار چەكدارەوە كە گومان دەكرێت لە رژێمی حزبی بەعسەوە پڕچەك كرابن، لە گوندی پشتئاشان، پەلاماری بارەگای پێشمەرگەكانی حزبی شیوعیی عێراقیان دا و لە ئەنجامدا زیاتر لە ٧٠ پێشمەرگەیان كوشت.

یەكێتی دیلی كوشت

لەمبارەیەوە سەڵاح رەشید، كە بەوە ناسراوە لە هەر یەك لە جەلال تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا نزیك بووە و كتێبێكیشی بە ناوی (دیداری تەمەن) داناوە بانگەشەی ئەوە دەكات گوایە تەواوی ئەو كتێبە قسەی مام جەلالە، لە چاوپێكەوتنێكی تەلەڤزیۆنیدا دان بەوەدا دەنێت كە هێرشەكەی یەكێتی بۆ سەر پشتئاشان بە بڕیاری سەركردایەتیی حزبەكە بووە و رۆژێك پێش هێرشەكە، جەلال تاڵەبانی پێشمەرگەكانی كۆ كردووەتەوە و فەرمانی پێ كردوون چۆن هێرش بكەن.

لەبارەی ئەوانەشی كە تەنیا نەوشیروان مستەفا لەم تاوانەدا بە بەرپرسیار دەزانن، سەڵاح رەشید دەڵێت: ”هەموو سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسیی یەكێتی لەم شەڕە بەشدار بووە، هەر ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی شوێنێكی بەركەوتووە.“
دانیش بەوەدا دەنێت كە لە شەڕەكەدا یەكێتی دیلی كوشتووە و دەڵێ: ”ئەوەی پەڕەیەكی ڕەشە، كوشتنی دیلە كە لەو شەڕەدا خراپ بووە.“

هێزەكەی یەكێتی پێنج ئەوەندە بوو

هەر لەمبارەیەوە، ئەمڕۆ یەكشەممە، عیماد زەنگەنە، پێشمەرگەی دێرینی حزبی شیوعی لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردووەتەوە: ”لە ڕۆژێكی وەك ئەمڕۆ لە 1983 یەكێتی هێرشیان كردە سەر مەكتەبی سیاسیی حزبی شیوعیی عێراق، پاش سێ ڕۆژ شەڕ، بە كوژرانی 63 شیوعی شەڕەكە كۆتایی هات كە ”زۆربەی شەهیدەكان بە دیلی گوللەباران كران.“
بە گوتەی زەنگەنە، هێزەكەی یەكێتی 1500 چەكدار و هێزەكەی شیوعیش تەنیا 300 چەكدار بوون كە دەكاتە پێنج ئەوەندەی هێزەكەی شیوعی.

یەكێتی لە پشتەوە خەنجەری لێ دان

بەپێی لێكۆڵینەوەیەك كە كەسێك بە ناوی (هاوڕێ كاسترۆ) لە ڕۆژی 17ی شوباتی 2017 لە ماڵپەڕی (چركە) بە ناونیشانی (وردەكاریی مەرگەساتی پشتئاشان و قەتڵوعامی شیوعییەكان) بڵاوی كردووەتەوە، لە زاری بەشدارێكی شەڕەكەوە ئاشكرای كردووە، پێش هێرشەكە، ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی برووسكەیەكی ئاراستەی بارەگای حزبی شیوعی كردووە و بەڵێنی پێ داون كە بەپێی ڕێككەوتنی نێوانیان لەگەڵ شیوعی، هیچ هێرشیان ناكەنە سەر و تەنیا بە لایاندا تێپەڕ دەبن، تەنانەت تكای لێ كردوون ڕێگەیان لێ نەگرن، كەچی لە پشتەوە خەنجەریان لێ داون و هیرشیان كردوونەتە سەر.

ژمارەی جیاواز لەبارەی كوژراوەكان

ئەوانەی باسی ڕووداوەكە دەكەن، ژمارەی جیاواز لەبارەی كوژراوەكان دەكەن، (هاوڕێ كاسترۆ) لە لێكۆڵینەوەكەیدا لە زاری سەید كاكەوە دەڵێت، یەكێتی لەم شەڕەدا 75 كەسی لە شیوعی كوشتووە،
پەیجێكی تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك)یش بە ناوی (حزبی شیوعی)، ناوی 72 كەسی نووسیوە كە تێیدا بانگەشەی ئەوە دەكات، ناوی كوژراوانی شیوعین لەسەر دەستی یەكێتی لە پشتئاشان، بەڵام ئاماژەی بە هیچ سەرچاوەیەكی پشتڕاستكەرەوە بۆ ناوەكان نەكردووە.

لە لایەن خۆیەوە، شەماڵ ڕەئووف، كادیری پێشكەوتووی شیوعی و خوشكەزای ئەبوو كاروان، یەكێك لە سەركردەكانی پێشووی حزبەكە، لە 11ی ئابی 2018 ژمارەیەك وێنەی لە پێگەی خۆی بڵاو كردووەتەوە كە تێیدا كەللەسەرێك دەردەكەوێت و ئاماژەی بەوە داوە كە ئەوە وێنەی كوژراوێكی شەڕەكەی پشتئاشانە و دەڵێت: ”لە لایەن یەكێتییەوە بە فەرمانی جەلال تاڵەبانی و بە سەركردایەتیی مەیدانیی نەوشیروان مستەفا“ هێرشەكە ئەنجام دراوە و بەهۆیەوە 175 كەس كوژراون و بەشێكیان بە دیلی گوللەباران كراون.

یەكێتییەكان سووكایەتییان بە ئافرەتە شیوعییە دیلەكان كردووە

بەپێی لێكۆڵینەوەكەی (هاوڕێ كاسترۆ)، لایەنێكی هەرە قێزەونی هێرشەكەی یەكێتی لە پشتئاشان، سووكایەتیكردن بووە بەو ژنە دیلانەی دەستگیر كراون كە ناوی بەشێكیشیانی هێناوە.
هاوكات ئاماژەی بەوە داوە كە یەكێك لە پێشمەرگە یەكێتییەكان بە ناوی (مستەفای حەسەنە گەورە) لە گێڕانەوەیەكیدا لەبارەی بەشداریی خۆی لە شەڕەكەی پشتئاشان، دانی بەوەدا ناوە: ”­كاتێك ئافرەتە دیلەكانم دەبرد بۆ وەرتێ، بینیم سەر و قژ و گیانیا­ن پەڵەی خوێنی برا و د­ەزگیرانەكەیانی پێوە بوو.“

جێگەی باسە تاوەكوو ئێستا هیچ لێكۆڵینەوەیەكی بێلایەنانە لەم كەیسەدا نەكراوە، هەرچەندە لەو كاتەی نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق بوو، خانەوادەی بەشێك لە كوژراوەكانی پشتئاشان داوایان لە دەسەڵاتی دادوەری و جێبەجێكردنی عێراق كرد، دۆسیەیەك­ بۆ كوشتنی قوربانییانی شەڕەكە بكەنەوە، بەڵام لەوە دەچێت پەیوەندیی یەكێتی و ئێران لە لایەك و یەكێتی و دۆستەكانی ئێران لە عێراق لە لایەكی دیكەوە، بەهێزتر بێت لەو دەنگانەی داوای هەڵدانەوەی ئەم دۆسیەیە دەكەن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *