ئومێد خۆشناو بۆ شاره‌وانی هه‌ولێر: نابێت چیتر هاووڵاتییان گللەیى بکەن کە ڕۆتینى زۆر هەیە

پارێزگاری هه‌ولێر له‌ میانه‌ی كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تی و سه‌رجه‌م شاره‌وانییه‌كانی هه‌ولێر جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ بەهیچ شێوەیەک نابێت هاووڵاتییان گللەیى لەوە بکەن کە ڕۆتینى زۆر هەیە، یان کارەکانیان وەک پێویست بەڕێوە ناچێت.

ئەمڕۆ دووشەممە بە سەرپەرشتى ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر و بە مەبەستى دەستنیشانکردنى پێداویست و چارەسەرى کێشە و کەموکوڕییەکان، کۆبوونەوەیەکى تایبەت لەگەڵ سەرۆکایەتى شارەوانى هەولێر و سەرجەم بەرێوەبەرایەتییەکانى سەر بە سەرۆکایەتى شارەوانى ئەنجامدرا.

لەکۆبوونەوەکەدا دواى گفتوگۆکردن لەبارەى پلان و پڕۆژەکانى پەرەپیدانى پارێزگاى هەولێر بۆ ساڵى 2022 و ئامادەکارییەکان، تیشكخرایه ‌سه‌ر پاککردنەوەى نێو شار و شەقامەکان و دەستکردن بە بەرنامەڕێژى بۆ ئەنجامدانى هەڵمەتى پاککردنەوەى بازاڕە میللییەکان، هەروەها جەخت لە چاککردنەوەى سەرجەم ئەو چاڵ و شوێنانە کرا کە بەهۆى بارانەوە لە بەشێک لە شەقامەکانى نێو شار دروستبووە.

لەتەوەرێکى ترى کۆبوونەوەکە پارێزگارى هەولێر تەئکیدى لەوە کردەوە کارى فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان بەشێوەیەکى گشتیى خزمەتکردنى هاووڵاتییانە بەیەکسانى، بۆیە دەبێت لەئاست ئەو بەرپرسیاریەتییە گەورەیەدابن و لەبەرامبەر ئەو ئەرکەى پێتان سپێردراوە هەرچی لەتوانادا هەیە ئەنجامی بدەن بۆ ڕێزگرتن لە هاوڵاتییان و ڕایککردنى مامەڵەکانیان و کەمکردنەوەى ڕۆتین لە بەڕێوەبەرایەتییەکانتان.ئومێد خۆشناو ڕاشیگەیاند: بە هیچ شێوەیەک نابێت هاووڵاتییان گللەیى لەوە بکەن کە ڕۆتینى زۆر هەیە لەبەردەم کارەکانیان، یان کارەکانیان وەک پێویست بەڕێوە ناچێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *