باس لە سوودەکانی بامیە و گەنمەشامی دەکەن

بەپێى لیستى نوێى مووچە، ئەمڕۆ وەزارەتى تەندروستیى حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مووچەى مانگى نیسان (٤)ی وەرگرت، هاوکات خۆپیشاندان و ناڕەزایی مامۆستایان و فەرمانبەران لە سلێمانى و هەڵەبجە بۆ داواکردنى مووچەى مانگى (سێ)ی پێشتر بەفراوانی دەستی پێکرد، کە ماوەیەکە لەلایەن ئیدارەی ئەو دەڤەرەوە دەستی بەسەردا گیراوە.

لەلایەکی دیکەشەوە، میدیاکانی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان لە سلێمانی، بەهۆی ئەوەی ئاراستەی خۆپیشاندانەکان روو لە ئیدارەی زۆنەكەیانە، بێدەنگییان لێی کردووە و باس لە سوودەکانی بامیە و گەنمەشامی دەکەن. چاودێرێکیش ئاماژە بەوە دەكات، بێدەنگیی ئۆپۆزسیۆن لە سلێمانی بەهۆی نزیکییانەوەیە لە حزبی دەسەڵاتدار.

عوسمان گوڵپی، چاودێری سیاسی لە سلێمانی، ڕایگەیاند: “لە ڕاستیدا ئۆپۆزسیۆن نەك تەنیا ئێستا، بەڵكوو لە زۆر پرسی گرنگدا بێهەڵوێست بوون و لەو كاتەی خەڵك پێویستی بە پشتیوانیی ئەوان بووە، بۆ ئەوەی ناڕەزایی كاریگەریی هەبێ، بەڵام ئۆپۆزسێۆن یان بێهەڵوێست بووە، یان بەیاننامەیەكی مەتاتی دەركردووە و هیچی تر، بە پێچەوانەشەوە كە ئەوان پێویستیان بە دەنگی خەڵك دەبێ، بەردەوام لەنێو جەماوەردان و موزایەدە دەكەن.“

گوتیشی: “بێدەنگیی ئێستای ئۆپۆزسیۆن لە سلێمانی، بۆ دوو خاڵ دەگەڕێتەوە، یەكەم: ئەو حزبانە هەر لە بنەمادا دەنگ و فشاریان لەگەڵ خەڵكدا نەبووە و نییە، لەو كاتانەی خەڵك داوای مافەكانی خۆی دەكات ئەوان بێدەنگن، دووەمیشیان: پەیوەندیی بەوەوە هەیە، ئەو هێزانە لە حزبی دەسەڵاتداری ئەو سنوورەوە نزیكن، چونکە ئەگەر سەرنج بدەین، چ لە بەغدا و چ لە هەرێمی کوردستان، دەتوانی بە ڕوونی ئەوە بەدی بكەی كە ئەو هێزانە تاڕادەیەك لە چوارچێوەی سیاسەتی یەكێتیدا هەنگاو و هەڵوێستیان ڕێك خستووە، ئەمەش كاریگەریی خۆی هەیە و ئەم بێدەنگییەشیان هەر لەو چوارچێوەوەیەدایە.“

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *