ئۆكراینیه‌كان له‌ ڕێگه‌ی هه‌ولێره‌وه‌ په‌یامه‌كه‌یان ده‌گه‌یێننه‌ جیهان

لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەولێر، ژمارەیەك لە كچانی ئۆكراینا كە لە هەولێر دەژین خۆپیشاندانیان كرد بۆ دەربڕینی پشتیوانی بۆ سەربەخۆیی وڵاتەكەیان و وەستاندنی هێرشی سوپای رووسیا بۆ سەر ئۆكراینا.
خۆپیشاندەرانی ئۆكراینا لە دروشمەكانیاندا داوایان دەكرد شەڕ بوەستێت و هێرشی رووسیا بۆسەر وڵاتەكەیان رابگیرێت، دروشمیان بەڕووی ناتۆ و وڵاتانی جیهان بەزكردبووەوە و داوایان دەكرد لەگەڵ ئۆكراینا بمێننەوە و بەتەنیا لەم شەڕەدا بەجێیان نەهێڵن.
هاووڵاتی ئۆكراینا، ساشا ئەلكساندرا راگەیاند “هاتووم بۆ ئێرە بۆ ئەوەی پشتگیری وڵاتەكەمان بكەین، بۆئەوەی داوای هاوكاری لە وڵاتانی ئەورووپا و نەتەوە یەكگرتووەكان و ناتۆ بكەین، داوا دەكەین تكایە چاویان داناخەن لەبەرامبەر ئۆكراینا”.
ئێڤا میكۆلا هاووڵاتییەكی دیكەی ئۆكراینا بوو كە لە هەولێر كاردەكات و بەشداربوو لە خۆپیشاندانی ئۆكراینییەكان گوتی: “دەمانەوێت بە هەموو جیهان بڵێین ئەمەی روودەدات پیشاندانی رێز و نرخ نییە بۆ پاراستنی هاووڵاتییانی ئۆكراینا، 24ی شوبات رووسیا شەڕی دەست پێ كرد لە وڵاتە جوانەكەمان، بۆمببارانی هەموو شارەكان دەكەن، منداڵ دەكوژن ،ژن دەكوژن ،هەر كەسێك دەكوژن كە دەیەوێت بە ئاشتی بژی، تكایە داوا دەكەین شەڕ رابگرن لە ئۆكراینا، ئێمە شەڕمان ناوێت داخوازی ئاشتی دەكەین”.
ئێڤا میكۆلا رووی قسەكانی ئاراستەی سەرۆكی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین كرد و گوتی: “پوتین تۆ فاشیستی، ئەمەی ئەمڕۆ رووی لە ئۆكراینایە سبەی روو لە هەموو وڵاتانی ئەورووپا دەكات و دواتر هەموو جیهان، تكایە هاوكاریمان بكەن بۆ وەستاندنی ئەو فاشیستە شێتە”.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *