بە پاساوی نەبوونی پارە لە بانکەکانەدا، ھێشتا مووچەی مانگی شوباتی بەشێکی زۆری فەرمانبەرانی سلێمانی دابەش نەکراوە

بە پاساوی نەبوونی پارە لە بانکەکانەدا، ھێشتا مووچەی مانگی شوباتی بەشێکی زۆری فەرمانبەرانی سلێمانی دابەش نەکراوە، ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی جەخت دەكاتەوە، یەکێتی بەرپرسیارە لە دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی زۆنەكە و کەمیی پارە لە بانکەکانی سلێمانی. لە كاتێكدا كەناڵی (وەن نیوز)ی عێراقی رایگەیاندووە كە یەكێتی 300 هەزار دۆلار بە هەر پەرلەمانتارێك دەدات لە بەرامبەر بەشدارینەكردنی لە كۆبوونەوەی ڕۆژی چوارشەممەی داهاتووی پەرلەمانی عێراق، یەكێتییش تا ئێستا ئەو زانیارییەی ئەو كەناڵەی رەت نەكردووەتەوە.

وەزارەتی دارایی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، زیاتر لە هەفتەیەكە، مووچەی سەرجەم فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی دابەش كردووە و فەرمانبەرانی زۆنی سەوزیش هاوشێوەی فەرمانبەرانی دیكە، پارەی مووچەیان بۆ تەرخان كراوە، بەڵام هێشتا بە پاساوی نەبوونی پارە لە بانكەكان، بەشێكی زۆری فەرمانبەرانی سلێمانی مووچەیان پێ نەدراوە.

نەغەدە عوسمان، ژنە چالاکوانی کۆمەڵی مەدەنی و فەرمانبەری بەڕێوبەرایەتیی کارەبای سلێمانی بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لیستی مووچەی مانگی شوباتی بڵاو کردووەتەوە و ھەموو فەرمانبەرانی ھەولێر و دهۆك مووچەی مانگی شوباتیان وەرگرتووە، بەڵام لە شاری سلێمانی بە پاساوی ئەوەی بانکەکان پارەیان تێدا نییە، ھێشتا بەشێکی زۆری فەرمانبەران مووچەیان وەرنەگرتووە.

گوتیشی،: ”کێشەی نەمانی پارە لە بانکەکانی سلێمانی، تەنیا لە پارێزگای سلێمانی ھەیە، بەداخەوە فەرمانبەرانی سلێمانی بەھۆی دەسەڵاتدارانی یەکێتییەوە دەبێت مافەکانیان بخورێ و ھەمیشە زوڵم و ستەمیان لێ بکرێت“.

بە گوتەی نەغەدە عوسمان: ”دەسەڵاتدارانی سلێمانی دەستیان بەسەر بانکەکانی شاری سلێمانیدا گرتووە و پارەیان لە بانکەکاندا نەھێشتووە، ئەو بەڕێوبەرایەتییانەی داھاتیان ھەیە، پارەکەیان قۆرخ دەکات، بەوەشەوە ناوەستاون، مووچەی مووچەخۆرانی شارەکە دەخۆن، دەبێ خەڵکی سلێمانی ئەوە قەبووڵ نەکەن، بەڕاستی عەیبە دەسەڵاتدارانی زۆنی سەوز خەڵکی شاری سلێمانی دەچەوسێنەوە“.

هەر لەمبارەیەوە ئیسماعیل عەلی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، بە (میدیاكان)ی ڕاگەیاند، ھەرچەندە نازانم بۆچی دەبێت تەنیا بانکەکانی پارێزگای سلێمانی کێشەی نەبوونی پارەیان ھەبێت، بەڵام ”لە ھەموو حاڵەتەکاندا خودی یەکێتی کە دەسەڵاتی ئەم شارەی بەدەستەوەیە، بەرپرسیارە لە مووچەی فەرمانبەرانی سلێمانی، ھەفتەی پێشوو کارەستێکی گەورەمان بە چاوی خۆمان بینی کە دوو خانەنشینی بەساڵاچوو لە كاتی سەرەگرتن بۆ مووچەکانیان گیانیان لەدەست دا، بۆیە پێویستە ھەرچی زووترە دەسەڵاتدارانی زۆنی سەوز کێشەی مووچەخۆرانی شاری سلێمانی چارەسەر بکەن“.

پێشتر رۆژنامەنووس ژیار محەمەد كە پەیامنێری (دەنگی ئەمریكا)یە لە سلێمانی، ئاشكرای كردبوو، زانیاریی هەیە، بەرپرسانی یەكێتی بە ئۆتۆمبێلی سەربازی و لە دەرگای پشتەوە، پارەی مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی سلێمانی دەبەن.

ئەمە لە كاتێكدایە كە بەپێی كەناڵی (وەن نیوز)ی عێراقی، یەكێتی پارەیەكی زۆری لەبەردەستدایە و بڕیاری داوە بڕی 300 هەزار دۆلار بە هەر پەرلەمانتارێك بدات لە بەرامبەر بەشدارینەكردنی ئەو پەرلەمانتارە لە كۆبوونەوەی ڕۆژی چوارشەممەی داهاتووی پەرلەمانی عێراق.

پێشتریش چەندان كەناڵی میدیایی باسیان لەوە كردبوو كە ئەگەر هەیە مووچەی فەرمانبەرانی سلێمانی لە لایەن یەكێتییەوە بردرابێتە بەغدا تاوەكوو مامەڵەی بەدەستهێنانی پۆستی سەركۆماری عێراقی پێ بكرێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *